Accessibility links

بۆچی ئێران لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەترسێت؟


ئەو هێرشەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە هێرشێکی جیاواز لە هێرشەکانی ڕابردوو دادەنرێت، هۆکارەکەشی بۆ ترسی ئێران دەگێڕدرێتەوە لەوەی پەرە بە غازی ئەو کێڵگەیە بدرێت و ببێتە جێگرەوەی غازەکەی لە عێراقدا.

عێراق ساڵانە بڕێکی زۆر غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و بڕێکی زۆر لە کارەباکەشی لە ڕێگەی غازی ئێرانەوە دابین دەکرێت، هەندێک لە چاودێران دەڵێن بۆیە ئێران نایەوێت پەرە بە کێڵگە غازییەکانی عێراق و هەرێم بدرێت و ببنە جێگرەوەی غازەکەی لە بازاڕی عێراقدا.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەگەورەترین کێڵگەی غازی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت. هەرکاتێک کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، کە سەرەکارە لە کێڵگەکەدا، کار بۆ بەرهەمهێنانی بڕی زیاتری غاز دەدات، کێڵگەکە دەکەوێتە بەر هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو.

لە دوایین ڕووداودا، ئێوارەی رۆژی هەینی، 26ی چواری 2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەکە. بەرپرسانی هەرێم دەڵێن جگە لە زیان بە کێڵگەکە و کارەبای گشتی، لە هەمانکاتدا چوار کارمەندی یەمەنی کوژراون.

بەرپرسانی هەرێم و عێراق تا ئێستا هیچ گروپ و لایەنێکیان تۆمەتبار نەکردووە، هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند حکومەتەکەی زانیاری لەسەر هێرشبەران دەستکەوتووە.

ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هیچ کام هێرشەکان ئەنجام نەداوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم لە ڕابردوودا گروپە شیعەکانی سەر بە ئێرانیان تۆمەتبارکردووە.

بارزان هەورامی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "غاز چەکێکی سیاسی و ئابووری گەورەیە بەدەست ئێرانەوە لەبەرامبەر عێراق، بۆیە نایەوێت گرێبەستەکانی عێراق لەڕووی وزەوە سەربگرن."

دەشڵێت، "گەر پەرە بە بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر بدرێت، بەشی هەموو هەرێمی کوردستان دەکات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بکرێت، ئەمە مایەی نیگەرانییە بۆ ئێران."

کێڵگەی غازی کۆرمۆر، گەورەترین کێڵگەی غازی سەربەخۆی سەر ئاستی عێراقە و دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، ڕووبەری کێڵگەکە 1350 کیلۆمەتر دووجایە و خاوەنی 8,2 تریلیۆن سێجا یەدەگی غازی سروشتییە.

لە ئێستادا ڕۆژانە 550 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و کێڵگەکە 67%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، هەروەها لەم کێڵگەیەوە 1200 مێگاوات کارەبا دەدرێتە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک.

کۆمپانیای دانە گازی ئیمارانی پلانی هەبوو تا چەند ساڵێکی تر، بڕی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بگەیەنێتە 1500 ملیۆن پێ سێجا، ئەم بڕە غازە بەشی هەرێمی کوردستان دەکات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بکرێت، ئەمەش بەڕای چاودێران ترسی لای ئێران دروستکردووە ببێتە جێگرەوەی غازەکەی .

سەرباری ئەوەی خاوەنی بڕێکی زۆر غازی سروشتی یەدەگە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر 150 تۆن غازی شلی ماڵانی لێ بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی 20 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتیشی لێ دەردەهێنرێت، کە پێشتر حکومەتی هەرێم بۆ باشکردنی کواڵێتی تێکەڵی نەوتی هەناردەکراوی دەرەوەی دەکرد.

بارزان هەورامی دەڵێت، "کۆرمۆر کێڵگەیەکی زۆر گەورەیە و چاوی تەماعی هەموو بەرەکانی لەسەرە، بۆیە بەردەوام بە ئامانج دەگیرێت. هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگەکە کوێرانە نەبوون، بەڵکو پلان بۆ داڕێژکراو بوون و شوێنی هەستیاری کێڵگەکەیان کردە ئامانج."

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی سەرکارە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرو 70%ی پشکەکانی هی ئەم کۆمپانیایە و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتییە، لەکاتێکدا سێ کۆمپانیای ئەڵمانی و هەنگاری و نەمساوی خاوەنی 30% پشکەکانی ترن.

چەند کۆمپانیایەکی تورکیش گرێبەستییان لەگەڵ کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی هەیە و کاری لۆجستی بۆ ئەنجام دەدەن، هەروەها لە مانگی 9ی ساڵی 2021، ئەمەریکا بڕی 250 ملیۆن دۆلاری بۆ فراوانکردنی کێڵگەکە تەرخانکرد لە پێناوی سەربەخۆکردنی عێراق لەڕووی وزەوە.

لەپاڵ ترسی ئێراندا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرو نیگەران بوونی لە داهاتووی غازەکەی لە بازاڕی عێراق دا، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر پشکدارن و کاردەکەن، هی ئەو وڵاتانەن کە ئێران بە ڕکابەری سیاسی و ئابووری خۆی لەناوچەکە دایاندەنێت.

تا ئێستا نزیکەی 8 جار هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بۆ ئەنجامدانی سەرجەم ئەو هێرشانەش پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران درێژ دەکرێت، گوایە بە پلانی ئێران ڕێگری دەکەن لە بەرەوپێشچوونی کەرتی غازی عێراق و هەرێم.

بارزان هەورامی ڕایگەیاند، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دوا هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنوری قەزای خورماتووەوە ئەنجامدراوە، ئەو ناوچانەش میلیشیاکانی تێدایە."

ئەو وتیشی، "ئێران پێیناخۆشە غازی کۆرمۆر ببێتە جێگرەوەی غازەکەی، ناشیەوێت عێراق بە ئاراستەی سەربەخۆبوون لە بواری وزە هەنگاو بنێت."

چاودێران دەڵێن ئێران تەنها لە هەوڵەکانی کۆمپانیای دانەغاز بۆ فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر نیگەران نییە، بەڵکو لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ گەیشتە سەربەخۆیی لە بواری وزەو بەرهەمهێنانی غاز دەترسێت.

دیمەنی تێپەڕینی ئەندازیارێک لە نزیک یەکێک لەو کەشتییە بارهەڵگرانەی بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی عێراق لە ئوم قەسر دابینکراوە، لە مانگی سێی ساڵی 2016.
دیمەنی تێپەڕینی ئەندازیارێک لە نزیک یەکێک لەو کەشتییە بارهەڵگرانەی بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی عێراق لە ئوم قەسر دابینکراوە، لە مانگی سێی ساڵی 2016.

حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامداوە، تا عێراق سود لەو غازە وەربگرێت لە کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ نەوتدا دەسوتێت و بەفیڕۆ دەچێت، کە بڕەکەی ساڵانە بە بەهای ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. عێراق دەشیەوێت کێڵگەکانی پێشبخات تا لە ئایندەدا پشت بە غازی خۆی ببەسێتێت و غاز لەدەرەوە هاوردە نەکات، ئەمەش هێندەی تر ئێرانی نیگەران کردووە.

بەرزان هەورامی وتی، "ئێران دەیەوێت عێراق لە بواری غازدا هەمیشە ژێر دەستەی بێت."

ناکۆکییەکان لەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تازە نین، بەڵکو ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیانە نەوتی هەناردەی دەرەوە دەکرد، ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتیشدا لەسەر هەمان کێڵگە دروستبوو.

پارتی هەوڵی بۆ فراوانکردنی کێڵگە غازییەکە و ناردنەدەرەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە دەدا، لەکاتێکدا یەکێتی دژی ئەم هەنگاوە بوو، تا ئەو ئاستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "مەگەر غازی کۆرمۆر بەسەر جەستەی مندا ببرێتە دەرەوە."

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنوری قەڵەمڕەوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی باڵادەستن بەسەر کێڵگە غازییەکەدا و ئەرکی پاراستنی کێڵگەکەیان لە ئەستۆیە.

باڵادەستی یەکێتی بەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کێڵگەکەی لە هێرشی میلیشیا شیعەکان نەپاراست، کە دەوترێت هەردوولایان لەو بەرەیەن کە بە نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێن.

بەڵام دوا هێرشی سەر کێڵگەکە بەرپرسانی یەکێتی لە حکومەت هێنایە دەنگ.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەت، ڕایگەیاند،" هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆمۆر ئیدانە دەکەم، داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکەم، لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێبکەن و ڕێکاری جدی بگرنە بەر، بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەم هێرشانە."

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێو دەوڵەتی هەڵوێستەکەی یەکێتی بە لاواز دەبینێت و پێیوایە، ئیدانەکردن "ناچارییە" و لە عێراق و هەرێم دا بووەتە "ڕۆتینی سیاسی."

دکتۆر سەردار عەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین هەنگاوی کرداری بە دوای ئیدانەی بەرپرسانی یەکێتی دێت، گەر نا ئیدانە وا لێکدەدرێتەوە لە بێدەنگبوون باشترە.

XS
SM
MD
LG