Accessibility links

دەنگۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 هەیە بەڵام یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی لەکاتی خۆیدا


سەرەڕای لێدوانەکەی نوری مالیکی سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ، بەڵام یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی لەکاتی خۆیدا و ڕاوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانیش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، هیچ دیدارێکیان تایبەت بە دواخستنی هەڵبژاردن ئەنجامنەداوە و بەشدارینەکردنی پارتیش بە "ڕێگری کردن" لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەکەدا ناودەبات.

ئەمڕۆ 28-4-2024 نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کە سەرۆکی هەرێمیش ئامادەی بوو، ڕایگەیاند، "ئێمە لە ئیدارەی دەوڵەت باسی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێممان نەكردووە، بەڵام گوێمان لێبووە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات بۆ مانگی دە، ئەمە بابەتێكی تەكنیكییە و لە دەسەڵاتی هەرێمدایە وادەی هەڵبژاردن دیاریبكات و كۆمسیۆنیش پەیوەستدەبێت."

بەڵام ڕاوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانی، سوربوونی حزبەکەی لەسەر پەیوەست بوون بە کاتی هەڵبژاردن دووپاتدەکاتەوە.

بێستون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی لەگەڵ ئەوەیە لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە هەڵبژاردن بکرێت، کاندیدەکانیشی بەشێوەی نافەرمی خەریکی بانگەشەی خۆیانن، وە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ دواکەوتنی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکی یەکیتی پێیوایە بەپێی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی هەرێم دایناوە هەڵبژاردن بکرێت."

بێستون فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی یەکێتی
بێستون فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی یەکێتی

وتیشی، "بیانووەکان بیانووی بەجێ نین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵکو شەڕفرۆشتنن یان هەوڵی ڕێگری کردنن، ئەگەر نا بیانووەکان لابەلان. پارتی بە تەنها نەیوتووە بەشداری ناکەم لە هەڵبژاردن، بەشداری نەکردنی پارتی واتە ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن، وای ئەبینم ئەوەی پارتی هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن نەک نەکردنی هەڵبژاردن، چونکە بەم بڕیارە ڕێگری بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات."

بە پێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێم وا بڕیارە 10ی مانگی شەش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت ئامادەکاریەکان بۆ ئەو مەبەستە کراون و لایەنە سیاسیەکان ناوی لیست و کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە، بەڵام تا ئێستا پارتی سورە لەسەر بایکۆتکردنی پرۆسەکە، ئەوەش دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و لابردنی کورسی کۆتاکان.

دوێنێ 27ی مانگی چوار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئیتیلافی ئیدارەی دەوڵەت سەردانی بەغدادی کرد و چەندین دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامدا.

لە میانی کۆبوونەوەکانیدا، سەرۆکی هەرێم جگە لە دیداری لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان سەرۆکی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و چەند بەرپرسێکی تردا کۆبووەوە.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەرواری 28-4-2024.
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەرواری 28-4-2024.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکاندا نێچیرڤان بارزانی باسی "بودجه‌ و شایسته‌ دارایییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، پشتیوانی له‌ جێیه‌جێکردنی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کان و کارنامه‌ی حکوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان" و چەندین بابەتی تری تاوتوێ کردووە.

لە ڕاگیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هەرێم "ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستانى به‌ به‌شێكى دانه‌بڕاو له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق به‌گشتى له‌ قه‌ڵه‌م دا."

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، یەکێک لە تەوەرە سەرەکیەکانی کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت باسکردنی هەڵبژاردنی هەرێم بووە.

دکتۆرە ڤیان سەبری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڵبژاردن یەکێک بوو لە تەوەرە گرنگەکان بە نسبەت هەرێمەوە. پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، ئێمە تێبینیمان هەیە لەسەر یاسای هەڵبژاردن بازنەکان و پێکهاتەکان و هەڵەبجە، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری 400 هەزار کەس، ئێمە پێمانوایە دەستێک هەیە لە پشت لە ئاڕاستەکردنی هەلبژاردن بەم شێوەیە، ئێستا ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی ئیتیلافی دەوڵەت باسکرا، چونکە بەشدارنابین بەم شێوازە."

د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق
د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق

وتیشی، "دەبێت ئەو پێنج خاڵە یاکلابکرێنەوە، هەندێک بابەتی تایبەت باسکران بۆ نموونە پرسی پەنجەمۆرەکان، بەڵام بابەتەکانی تریش دەبێت یەکلا بکرینەوە بە تایبەت لە نێوان لایەنە سیاسیە کوردیەکان، دانوستان لەگەڵ عێراق دەبێت هەبێت، دەرەنجامیش دەبێت هەبێت، دەرەنجامەکە ئەوەیە بەم شێوازە نابێت هەڵبژاردن بکریت."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 10 تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:55 0:00

XS
SM
MD
LG