Accessibility links

بلینکن ئاماژە بە باشتربوونی هاوکارییەکان بۆ غەززە دەکات و دەڵێت ئیسرائیل دەبێت کاری زیاتر بکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە باشتر بوون، بەڵام ئیسرائیل دەبێت کاری زیاتر بکات.

بلینکن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە ڕیاز گوتی باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی لە غەززە ئاگربەستە.

بلینکن ئاماژەی بەوە کرد کە "لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاومان بینیوە، لەوانە کردنەوەی دەروازە نوێیەکان و زیادبوونی ڕێژەی گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ ناو غەززە و دروستکردنی ڕێڕەوی دەریایی ئەمەریکا کە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەکرێتەوە. بەڵام ئەمە بەس نییە. "ئێمە هێشتا پێویستە هەوڵی بە دەستهێنانی یارمەتی زیاتر بدەین بۆ غەززە و دەوروبەری".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بلینکن گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەکات و تا ڕۆژی چوارشەممە لەوێ دەمێنێتەوە، هەروەها سەردانی ئیسرائیل و ئوردنیش دەکات پاش سەردانەکەی بۆ عەرەبستانی سعودیە.

ماثیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بلینکن سەرنج دەخاتە سەر هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە لە پێناو ئازادکردنی بارمتەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی یان زیادبوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، جۆن کیربی وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە بەرنامەی "ئەم هەفتەیە"ی کەناڵی ABC ڕایگەیاند ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بۆ ماوەی شەش هەفتە لە شەڕی نزیکەی حەوت مانگەی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس.

XS
SM
MD
LG