Accessibility links

خالد سولەیمان: پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی ئاوی ژێر زەمین دەخاتە مەترسییەوە


نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانیدا تیشک دەخاتە سەر "ڕۆژنامەگەری لەبەردەم قەیرانی ژینگەدا "و گرنگی دەدات بە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە چوارچێوەی قەیرانی ژینگەیی جیهانی ئێستادا.

نەتەوە یەکگرتووەکان کاری ڕۆژنامەوانی بە ئەرکێکی گرنگ دەزانێت بۆ " هۆشیاری لە هەموو لایەنەکانی قەیرانی ژینگەیی جیهانی و لێکەوتەکانی، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک."

ەشڵێت زانیاری دروست لەسەر ژینگە و گۆڕانی کەشو هەوا بە گرنگ دەزانێت بۆ پێشکەوتنێکی بەردەوام.

خالد سولەیمان ڕۆژنامەوانی بواری زانستی و ژینگە پێی وایە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەڵکو تەواوی ناوچەکەشدا بێجگە لە گرفتی ئازادی، ڕۆژنامەگەری تایبەت بە ژینگە گرفتی زیاتریشی هەیە "ڕۆژنامەوانان و ئەوانش کە لە بواری ژینگەدا کاردەکەن بونیادێکی زانستی پتەویان نییە. چونکە خۆی ڕۆژنامەوانی ژینگەیی ڕۆژنامەوانی زانستییە. دەبێت لە سیستەمی ژینگەیی تێبگەن لە بەرگەهەوا، لە هەمەجۆری، لە پیسبوونی ژینگە!کە ئەمانە هەمووی زانستین و ئەگەر ئێمە بنکەیەکی زانستیمان نەبێت ناتوانین بابەتەکان بە باشتی بگەیەنینە خوێنەران. "

هەروەها گەیاندنی لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش بە خەڵکی، بە ئاڵنگارییەک دەبینێت " بەردەوام ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەرەکان لە ناو زانکۆکاندان بەڵام لێکۆڵینەوەکانیان هەر بۆ خۆیانە و بابەتەکان بە باشی ناگەنە بەردەم خوێنەر. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە ئەوان توانای گەیاندنیان باش نییە و لەلایەکی تریشەوە ڕۆژنامەنوسەکانمان لە ڕووی زانستییەوە پڕنین بۆیە لێرەدا بابەتەکان بە باشی ناگەن. ئەمە بێجگە لەوەی بنکەیەکی زانیاری دیجیتاڵیشمان نییە تا ڕۆژنامەوانان پشتی پێببەستن."

یەکێک لە خاڵەکانی کە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لێدەکاتەوە دڵنیابوونە لە ئازادی توێژینەوەی زانستی، و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سەرەکییەکانی زانیاری، جگە لە بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە بە ڕێگای میدیا. هەروەها تیشکیش دەخاتە سەر پێشخستنی هەمەچەشنی و توانایی بەردەوامی میدیا بە تایبەتی میدیای ناوچەیی، ناوخۆیی، ڕەسەن و یان ئەوانەی لەسەر بنەمای کۆمەڵگەکان دروست بوون.

بەڵام وەک بەڕێز سولەیمان دەڵێت " لە هەرێمی کوردستان ئەو شوێنانەی کە سەربەخۆن و سەرچاوەی داراییان لەلایەن کارێکتەری سیاسی، حزب و حکومەتەوە نییە، زۆر کەمن و کاریگەرییشان زۆر نییە. جا کەناڵە کاریگەرەکان کە سەرچاوە داراییەکانیان لەلایەن دەسەڵات، حزبەکان یان کارێکتەرێکی سیاسییەوەیە، نەک هەر ناتوانن بەڵکو بۆیان نییە دەست بۆ هەنێک بابەت ببەن کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت. "

ڕایشیگەیاند کاتێک ڕۆژنامەنوسان دەکەونە ژێر فشار و مەترسییەوە گرفتێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەوانانی بواری ژینگە دروست دەبێت "ئەوان پێویستە سەردانی شوێنە زیانلێکەوتووەکان بکەن و لە کوردستان زۆر شوێن هەیە زیانی پێ کەتووە جا بەهۆی گۆڕانی کەشو هەوابێت یان پیسبوونی خاک، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی هەوا، کە بەشێکیش لە فاکتەرەکانی دامەودەزگاکانی حکومەتن، بەڵام ڕۆژنامەنوس نەک هەر ناتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن بەڵکو بەدەستهێنانی زانیاریش لەسەر ئەو شوێنانە ئاسان نییە."

دیمەنی ئەو شوێنەی کە پێشتر دەریاچەی حەمرین بووە لە پارێزگای دیالەی عێراق. دوای وشکەساڵی و کەمبوونەوەی لێشاو لە ئێرانەوە وشکی کردووە.
دیمەنی ئەو شوێنەی کە پێشتر دەریاچەی حەمرین بووە لە پارێزگای دیالەی عێراق. دوای وشکەساڵی و کەمبوونەوەی لێشاو لە ئێرانەوە وشکی کردووە.

بەڕێز سولەیمان کە نووسەری کتێبی 'پاسەوانی ئاو ... وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق'ە باس لە مەترسییەکانی پیشەسازی نەوتیش دەکات بۆ سەر ژینگە "پیشەسازی نەوت یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی گەرمبوونی زەوی چونکە بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لە دەردانی دەرهاویشتە گازییەکان بۆ بەرگە هەوا. خاڵی دووهەمیش ئەوەیە پیشەسازی نەوت لە کوردستان لەسەر حیسابی کشت و کاڵ و خاک لەسەر حیسابی سەرچاوەکانی ئاو دەکرێت."

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراقی وەک یەکێک لەو وڵاتانە دەستنیشانکردووە کە زۆرترین زیانی بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە و ئەمەش سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

بەڕێز سولەیمان باس لە گرنگی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی دەکات و دەڵێت پیشەسازی نەوت کاری کردووەتە سەر ئەم سەرچاوە سروشتییە گرنگەش " ئاوی ژێر زەوی یەکێکە لە سەرچاوە دەگمەنەکان. سەرچاوەیەکی زۆر گرنگیشە بۆ داهاتووی وڵات و ئابوری و کۆمەڵگە. کاتێک کە پیشەسازی نەوت بەردەوام دەبێت هیچ مەرجێک نییە بۆ هەڵکەندنی بیرێک نەوت لە شوێنێکدا، تەنانە ئەگەر پشکنینی جیۆلۆجی دەرشی بخات لەم شوێنەدا ئاوی ژێر زەمین هەیە و نەوتیش هەیە ئەو کاتە کۆمپانیاکانی حکومەت چاڵی خۆیان هەڵدەکەنن و نەوتەکەیان بەلاوە گرنگترە لە ئاوەکە."

XS
SM
MD
LG