Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکات ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست بەرەوپێش بەرن


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل کۆبووەوە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و ڕایگەیاند "ئێستا کاتە " بۆ ڕێککەوتنێک کە تیایدا بارمتەکان ئازاد بکرێن و ئەو شەڕەش کە بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە ڕابگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس تاوانبار دەبێت بۆ هەر شکستهێنانێک لە سەرنەکەوتنی ئەم گرێبەستە.

لەوەتای سەرهەڵدانی ئەم شەڕە لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووە ئەمە حەوتهەمین سەردانی بلینکنە بۆ ناوچەکە لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە تیایدا، ڕێگری بکرێت لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە، کە سەدان هەزار فەلەستی ڕوویان تێکردووە.

پێدەچێت خولی ئێستای دانوستاندنەکان ڕژد بن، بەڵام لایەنەکان لە یەک پرسی سەرەکیدا دوورن لە یەک ئەوەش ئەوەیە ئایا شەڕەکە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە کۆتایی پێدێت یان نا.

بلینکن لە کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەڤیڤ بە سەرۆکی ئیسرائیل ئیسحاق هێرزۆگی ڕاگەیاند "ئێمە سوورین لەسەر بەدەستهێنانی ئاگربەستێک کە تیایدا بارمتەکان بگەڕێندرێنەوە و ئێستا ئەمە بکەین، تاکە هۆکارێکیش بۆ بەدینەهاتنی ئەم ئاماجە حەماس دەبێت."

گوتیشی " هەروەکو ڕامانگەیاند، پێشنیازێک لەسەر مێزی دانوستاندنەکانە، دوا ناخرێت و هیچ بیانوویەکیش نییە."

بلینکن وتی گرێبەستەکە ڕێگە دەدات خۆراک و دەرمان و ئاوی خواردنەوە بگاتە ناو غەززە، کە بەهۆی شەڕەکەوە قەیرانێکی مرۆیی کەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ئاوارە کردووە.

بلینکن هەروەها لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە. بەپێی وتەی ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوان باسیان لە هەوڵەکانی ئاگربەست کردووە و بلینکن هەڵوێستی ئەمەریکای لەبارەی ڕەفەح دووپاتکردەوە.

واشنتن هۆشداری داوە بە ئیسرائیل لە هەر هێرشێک کە خەڵکی سڤیل بخاتە مەترسییەوە.

نەتانیاهۆ چەندین جار بەڵێنی داوە هێرش بکاتە سەر شاری ڕەفەح، کە بە وتەی خۆی دوا قەڵای حەماسە و ڕۆژی سێشەممەش بەڵێنیدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە ئەنجام بدات بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا ڕێککەوتنێک لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە لە ئارادابێت یان نا.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی میسری و میدیای ئیسرائیل، ئەو گرێبەستەی ئێستا کە باسی لێوە دەکرێت - بە نێوەندگیری ئەمەریکا، میسر و قەتەر – بریتییە لە ئازادکردنی دەیان بارمتە لە بەرامبەر وەستاندنی شەش هەفتەی شەڕەکان لە چوارچێوەی قۆناغێکی سەرەتاییدا. هەروەها سەدان زیندانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکرابوون ئازاد دەکرێن، لەنێویاندا هەندێکیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەڵام خاڵێک دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە دواتر چی ڕوودەدات. حەماس داوای دڵنیایی کردووە کە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە کۆتاییدا کۆتایی بە هێرشی نزیکەی حەوت مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و کشانەوەی هێزەکانی لەو خاکە وێرانکراوە بهێنێت.

ئیسرائیل تەنها وەستانێکی کاتیی درێژخایەنی پێشکەش کردووە و بەڵێنی داوە کاتێک قۆناغی یەکەمی گرێبەستەکە تەواو دەبێت هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە. ئەم پرسە لە ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆکاندا چەندین جار ڕێگری لە هەوڵەکانی ناوبژیوانان کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، بەرپرسێکی میسری ڕایگەیاند کە حەماس داوای لە نێوەندگرانی میسری و قەتەری کردووە کە ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر مەرجەکانی دوایین پێشنیاری ئاگربەست کە تاوتوێ دەکرێت، داواکارییەک کە دەتوانێت پێشکەوتنەکان دوابخات.

ئەو بەرپرسە کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دانوستانەکاندا هەیە و بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت قسەی کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس دەیەوێت بەندێکی ڕوون بۆ گەڕانەوەی بێ مەرجی ئاوارەکان بۆ باکووری غەززە و دڵنیابوون لە قۆناغی دووهەمی ڕێککەوتنەکە دابنێت کە باس لە کشانەوەی وردە وردە و تەواوەتی سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە بکات.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەندەکانی ئێستا بە تەواوی ڕوونی نەکردووەتەوە ئەوانە کێ دەبن کە ڕێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە باکوور و چۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت.

هاوکاتی گفتوگۆکان، شەڕ لە غەززە بەردەوامە. درەنگانی ڕۆژی سێشەممە، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل ماڵێکی لە ناوەڕاستی شاری ڕەفەح کردە ئامانج ئەو شارەی کە ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتەوە سەر سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری پەنابەرانی غەززە ڕوویان تێکردووە. بەپێی بەرپرسانی نەخۆشخانەکە لانیکەم دوو منداڵ کوژراون. تەرمی ئەو منداڵە کوژراوانە بۆ نەخۆشخانەی ئەبو یوسف ئەلنەجاڕ گواسترایەوە.

شەڕی ئیسرائیل دژ بە حەماس لە ئەنجامی هێرشێکی مانگی 10 ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەوس و بە بارمتەگرتنی 250 کەسی کە پێدەچێت هێشتا نزیکەی 100 بارمبەتی لا مابێت، لەگەڵ تەرمی نزیکەی 30 بارمتەش کە لەو ماوەیەدا کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە.

زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە ئاوارە بوون و بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بەرەو ڕەفەح هەڵهاتن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی مرۆیی ئەگەر ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی زەمینی لەو شارە ئەنجام بدات.

بە پێی وەزارەتی تەندروستی غەززە، هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس هەتا ئێستا 34 هەزار و 500 کەسی تێدا کوژراوە کە دوو لەسەر سێی ئەو ژمارەیە ژن و منداڵن

.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG