Accessibility links

ئیستەنبوڵ: شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران لە ڕۆژی کرێکاراندا ڕوویدا


ڕۆژی چوارشەممە پۆلیسی تورکیا دوای قەدەغەکردنی خۆپیشاندانەکانی یەکی ئایار ڕۆژی کرێکاران لە گۆڕەپانی مێژوویی تەقسیمی ئەستەنبوڵ، گازی فرمێسکڕێژ و گولەی پلاستیکیی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا و دەیان خۆپیشاندەریشیان دەستگیرکرد.

زیاتر لە 40 هەزار پۆلیس لە سەرانسەری ئەستەنبوڵ جێگیرکران، تەنانەت شەقامە لاوەکییە بچووکەکانیان بە بەربەستی کانزایی داخست، بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران بکەن.

پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس ڕایانگەیاند، پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران لە نزیک هۆڵی شار لە قەزای سەراچانێ ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە و گازی فرمێسکڕێژ و گولەی پلاستیکییان لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران نەتوانن بەربەستەکان بشکێنن.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لانیکەم 150 کەس دەستگیرکراون، بەڵام بەرپرسان ژمارەی دەستگیرکراوانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس شایەتحاڵی دەستگیرکردنی زۆر کەس بوون.

هەندێک کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو گۆڕەپانی تەقسیم دەستگیرکران.

لە دەوروبەری گۆڕەپانەکەدا بەربەستی کانزایی بەرز دانرابوو، کە دەسەڵاتداران لە ساڵی 2013ەوە کۆبوونەوەکانی لێ قەدەغە کردووە، ئەوکاتەی ناوەندی ناڕەزایەتییەکان بووە دژی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا.

تەقسیم تا ساڵی 1977 خاڵی کۆبوونەوەی ئاهەنگەکانی ڕۆژی جەژنی کرێکاران بوو، کە لانیکەم 34 کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کوژران. دەسەڵاتداران لە ساڵی 2010دا گۆڕەپانەکەیان کردەوە، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 جارێکی دیکە داخرا.

لە قەزای سیسلی 30 کەسی دیکە دەستگیرکران. گروپی مافی مرۆڤی MLSA ڕایگەیاند، لە کاتی گرژی و پێکدادانەکاندا چەند ڕۆژنامەنووسێک کەوتوونەتە سەر زەوی.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG