Accessibility links

بۆچی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکرێتە ئامانج؟


جارێکی تر كێلگه‌ی غازی كۆرمۆر کەوتەوە بەر هێرش و هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لێ ڕانەگەیاندووە و دەزگا ئاسایشییەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی پەنجەی تاوان بۆ هیچ لایەنێک درێژناکەن. ئەم کێڵگە ستراتیژییە کە سەرچاوەی غازی سرووشتییە بۆ چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022 وەوە چەند جارێک کراوەتە ئامانج، بۆیە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ئاسایشی گیراونەتەبەر، بەڵام لەو ئاستەدا نین کە بتوانن ڕێگری لە هێرشێکی درۆنی لەو جۆرە بکەن.

دەپرسین:

بۆچی ئەو کێڵگەیە دەکرێتە ئامانج لە کاتێکدا زیان لێکەوتووی گەورە لە ڕاگرتنی کاری ئەو کێڵگەیە هاووڵاتییە؟

ئایە هەتا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە نەدۆزراونەتەوە یان لەبەر هۆکاری سیاسی بە فەرمی ئاشکرا ناکرێن؟

شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق (خلية الإعلام الأمني)، هێرشەکەی بە هێرشێکی تێکدەرانە ناودێرکرد نەک هێرشێکی تێرۆرستی و ئەوانەی بە هۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە بە مردوو ناودێری کردن نەک کوژراو. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە بە مەبەستە یان ڕێکەوتە؟

کاتی ئەوە نەهاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق بکات بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی سیستەمێکی بەرگری پێشکەوتووە بۆ ئەو کێڵگەیە دابین بکرێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.

دکتۆر محەمەد عەلی، شارەزای بواری ئابوری.

دکتۆر کاروان حەمەساڵح، چاودێری سیاسی.

please wait

No media source currently available

0:00 1:02:04 0:00

شێروان دووبەردانی

ئەو هێرشەی سەر کۆرمۆر ئەوە یەکەمجار و دواجاریش نابێت کە میلیشییاکانی نزیک لە وڵاتێکی دراوسێ کە ئێرانە چەندین جارە هێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر، هێرشەکەی کۆرمۆر دوای سەردانەکەی سودانی دێت بۆ ئەمەریکا کە چەندین ڕێککەوتنی گرنگی لە بواری گاز و وزەدا کردبوو، دیارە عێراق بایی چەندین ملیار دۆلار غاز لە ئێران دەکرێت بە مەبەستی وەبەرهێنانی کارەبا، پێشتریش کە کۆمپانیای کار و (ڕەحمەتی پێشرەو دزەیی) ویستیان گرێبەست بکەن بۆ هەناردەکردنی غازی هەرێم بۆ ئەوروپا بە هەمان شێوە ئێران هێرشی کردە سەرییان.، ئێستاش لای حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمیش ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو گروپەی هێرشیان کردۆتە سەر کۆرۆمۆر سەر بەکێ و چ لایەنێکن، هۆکارەکە ئابوری و سیاسیە، خۆ ئەگەر سەیری بەیاننامەکانی عێراق بکەی دەڵێت، گروپی لە یاسا دەرچوو، چونکە ئەوان دەیانناسن ئەو گروپە کە دێن بە بازگەکانی عێراق چ هێزە عێراقییەکانی ناوخی یا ئەوانەی حەشد بێت تێدەپەڕێن و هێرش دەکەنە سەر کۆرۆمۆر دەزانن کێن و سەر بە کێن.


ئەوە ئێمە دوو ڕۆژە هاتوینەتە بەغداد کۆبوونەوەی پەرلەمانمان هەیە بە یەک و شەش نە باسی هێرشەکە کراوە نە ئیدانە کراوە لە لایەن پەرلەمان و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و بەرگری، لەکاتێکدا زیانی یەکەم لەم هێرشە بەر هاووڵاتیانی هەرێم کەوتووە بەهۆی بچڕانی کارەباوە تەنانەت کاریگەری لەسەر پارێزگای نەینەواش کرد نەک تەنها هەرێمی کوردستان، هەرە هۆکاری بێدەنگی پەرلەمانیش ئەوەیە ناوێرن چونکە دەزانن. گروپی هێرشکەر کێن و سەر بەکێن! بۆیە یەکسەر پەنجەی تۆمەتیش بۆ ئێران ڕادەکێشرێت چونکە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە بۆ پشتبەستنی عێراق خۆی بەغازی خۆی لە کۆرۆمۆرەوە زیانمەندی یەکەم لێی ئێرانە چونکە ساڵانە عێراق بایی چەندین ملیار دۆلار غاز لە ئێران دەکڕێت، هەر ئەوەی محەمەد شیاع سودانیش پێشتر گوتی، عێراق لەمەودوا خۆی پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ وەبەرهێنانی غازی سروشتی .

بەداخەوە هەرێمی کوردستان دۆخی نێوخۆیی بەو جۆرەیە ناکۆکیە سیاسییەکان کاریگەری زۆری هەبووە، هەتا ئەو ناکۆکیانەش بەردەوام بێت دۆخمان بەرەوخراپتر دەڕوات نەک باشتر.

لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 10 ملیار دۆلارییان زیان بەرکەوتووە.

ئەو هێرشەی کۆرۆمۆر هەروەک چۆن یەکەمجار نیە، دواجاریش نابێ، عێراق هەر ڕێککەوتنێک بکات بۆ هەناردەی ئەو غازە بە دڵنیایی دووبارە دەبێتەوە.

دکتۆر کاروان حەمەساڵح

پرسی غاز جیاوازە لە نەوت، چونکە غاز هێندەی ڕوویەکی جیۆپۆلتیکی و سیاسی و دیپلۆماسی هەیە لە ناوچەکەدا هێندە ڕوویەکی دارایی نیە، چونکە غاز شوێنەکەی وایلێکردووە بەوجۆرە بێ، ئەو غازەی کە لە ڕووسیاوە درێژ دەبێتەوە وزەی سیاسی و دیپلۆماسی دەدات بەو بلۆک بەندیەی کە بەرامبەر ئەمەریکا و کەنەدا و فەرەنسا و ئەوانە وەستاوە، ئەو شەڕەی ئێستا هەیە، ڕووسیا و ئیسڕائیل و ئەمەریکا، ئەوە تەنها ڕوکەشەکەیەتی ئەگەرنا شەڕێکی جیاهانی وزە هەیە، کە من هەر لەسەرەتای شەڕی ئۆکرانیا وتم ئەو شەڕە پریشکەکەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، ئەوە ماوەی ساڵێکە ئەو پریشکە جار جار دەبینین چونکە غازی هەیە، وە غازی هەرێمی کوردستان کە هەندێکجار لەمیدیاکانەوە دەڵێن کەمە ئەوە تەنها بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەیە، ئەگەرنا نەخێر وانیە، کەم نیە، هەر غازەکە نا بەڵکو شێوازی گواستنەوەی غازەکەش مەترسیە چونکە هەرێمی کوردستان لە دوو بلۆک بەندی ئێران و ڕووسیا و چین، بلۆکی دووەمیش، ئەمەریکا و ئیمارات و قەتەر و تورکیایە، بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش خۆی دابەشبووە بەسەر ئەو بلۆکبەندییەدا، غازەکەی لە ناوچەیەکە لە بلۆکبەندی ئێرانە، ئەگەر گواستنەوەکەشی لە ڕێگای تورکیاوە بکرێت ئەوا دەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا، تاکە هۆکاریش کەوای بەسەر سوریا هێنا ئەوەبوو کە ئەگەر سوریا بکەوتایە دەست ئەو بلکۆ بەندیەی تر ئەوا غازی قەتەر و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەڕێگای سوریاوە دەنێردرا بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، بەشێکی زۆری بەرگری ڕووسیا و ئێران لەسەر سوریا ئەوەبوو کە دەرچەیەکی تر نەدرێت بەگواستنەوەی غاز بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بەدەر لەو دەرچانەی کە ئەو بلۆکبەندییە خۆی پێی ڕازی بێت.

ئێستا غاز لە هەرێمی کوردستان بهێنرێتە دەرەوە و ڕەوانەی دەرەوە بکرێت وای بۆ مەچن بە دڵی ئێران بێ، یا ئەگەر بە دڵی ئێران ئەو غازە دەرهێنرا و بنێردرێتە دەرەوە وای بۆ مەچن بە دڵی بلۆکبەندییەکی تر بێت کە ئەمەریکا، بۆیە ئەمانە تەنها کارتن، کارتی سیاسی و وزەیە.

پەیامی ئەو درۆنانە تەنها بۆ عێراق نەبووە بۆ پاشگەزبونەوە لە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵکو پەیامەکان بۆ ئەمەریکا و تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەیە کە نیازییان هەیە ئیشی تێدابکەن یا ئێستا خۆیان ئیش دەکەن، واتە پەیامی درۆنەکانی کۆرۆمۆر فرە لایەنەیە.

ئێستا ئەوەی بۆ عێراق گرنگە ئەوەیە کە هەرێم و عێراق لەوەی ببێتە ناوچەیەکی ڕوبەڕوبونوەوە و یەکلاییکردنەوەی ململانێکان هەوڵبدات عێراق هاوشێوەی قەتەر کە وڵاتێکە هێندەی سلێمانی ناێت ببێتە ناوچەیەکی چارەسەرکردنی کێشەکان، کە ئێستا دەبینین شەڕەکە لە قەتەر ناکەن بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبینین لە قەتەر شەڕەکە کۆتایی پێدەهێنن ئەوەش هەر بەهۆی غازەکەیەوەیەتی.

دکتۆر محەمەد عەلی

سیاسەت و ئابوری پەیوەندیدارن بەیەکەوە، ئەوەی ئێستا دەبینرێت سیاسییەکانی عێراق کار بۆ پێشخستنی ئابوری ناکەن، بنەمایەکی گرنگی ئابوریمان هەیە کە دەڵێت، سەرمایە ترسنۆکە، واتە سەرمایە لە شوێنێک نابێت کە ئاسایشی گیانی و سەرمایەکەی لە مەترسیدا بێت.

عێراق خۆی ڕۆژانە بایی ٢٥ ملیۆن دۆلار غازی بەخۆڕایی دەسوتێنێت کەچی ساڵانە بایی پێنج ملیار دۆلار غاز لە ئێران دەکڕێت، ڕۆژانە بایی ملیارێک دۆلار بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە ئیمارات دەکڕێت کەچی هەرخۆی دەتوانێت بەو پارەیە پاڵاوتگە دابنێ و بەنزین و پێداویستی خۆی دابین بکات، ڕۆژانە کارەبا لە تورکیا و ئێران و کۆمپانیاکانی خۆمان دەکڕێت، بەداخەوە ئەوانەی حوکمڕانن نایانەوێ عێراق خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆی بێ، هەروەک چۆن لە ڕووی سیاسیشەوە سەربەخۆ نیە و ژێر دەستەیە.

ئێستا ئەوەی کۆرۆمۆر، بنەما ئابورییەکەی بەسەردا دەچەسپێ چونکە سەرمایە ترسنۆکە وە ئەوەی لەوێش کاردەکات و بەنیازیشە بێت هەر ئەو ترسەی هەیە چونکە ئەوەتا چوار کارمەندی ئەو کۆمپانیایە بونە قوربانی ئەو دۆخەی لە عێراقدا هەیە، ئەوانەشی لەوێ کاردەکەن ئێستا داوای موچەی زیاتر دەکەن و ئەشۆرانسی کۆمپانیاکانیش گرانتر دەبن واتە خەرجی ئەو کۆمپانیایانە زیاد دەکات ئیتر چۆن کۆمپانیا بتوانێت بێت لەوێ وەبەرهێنان بکات، ئێمە پێشتر شانازیمان دەکرد دەمانوت هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە، ئەوەی کە ئێستا هاووڵاتیانی تری عێراق پانزە شارەکەی تر داوا دەکەن کە وەک چوار پارێزگاکەی هەرێم خۆش بکرێت، عێراق کار لەوە دەکات کە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە وەک شارە وێرانەکانی تری عێراقی لێبکەن ئەگەر پێییان بکرێت.

ئێستا دەبێت سوپاسی خوا بکەن کە دانە غاز و کۆرۆمۆر هەرێمی کوردستان جێنەهێڵن، چونکە مەترسییان لەسەرە ئەمڕۆ بە درۆن لێییان درا سبەی ڕەنگە چەکدار بنێرنە ژورەوە خۆیان بتەقێننەوە کێ ڕێگەیان لێدەگرێت؟ !

بە ڕاشکاوی قسە بکەم ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕەنگدانەوەی شەڕی ئۆکرانیایە کە گەیشتۆتە هەرێمی کوردستان بەڵام بە شێوازێکی زەقتر لە جاران، بینیمان ئەو وڵاتانەی هاوسۆ و لەگەڵ ئۆکرانیان لە دوای جەنگەکە غاز تێیاندا گران بوون، بۆیە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا هەرێمی کوردستانە، کە فەرەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتان کاری بۆ دەکەن بۆیە ئەو بەرەیەی ئیشتراکی(ڕوسیا و ئێران و چین ..)بەم هۆیەوە هەرێمی کوردستان بە بەردێک لەسەر ڕێی خۆیان دەزانن و نایانەوێ ببێتە شوێنگرەوەی غاز، ئەوەی ئێستا لەگەڵ کۆرۆمۆر دەکرێت بەردەوام بێت عێراق دەبێت ساڵانە نەک بایی پێنج ملیار غاز لە ئێران بکڕێت بەڵکو دەبێت زیاتریشی بکات، ئەو پەیام و نامانەی لەو هێرشەی سەر کۆرۆمۆر هەبوون بە تەنها بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق نەبوو، بەڵکو بۆ ئەمەریکا و قەتەر و ئیمارات و تورکیا بوو واتە پەیامی درۆنەکان بۆ فرەلایەن بوو.

ئەمەریکا ئیتر دەبێت مامەڵەی بگۆڕێت نەک لەگەڵ سیاسی و حکومڕانەکان بەڵکو ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی عێراق مامەڵە بکات بزانێ عێراقییەکان چی دەوێ.

هێرشکردنە سەر کۆرۆمۆر و دانە غاز ئەگەر بە دەستی قەتەریش نەبێ بە دڵی قەتەرە، چونکە ئێمە دەبوینە شوێنگرەوەی قەتەر، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنانە جێ بەجێ بکرێت هەرێم لە غازدا دەبێتە جێگرەوەی قەتەر.

XS
SM
MD
LG